سەمیر نوری بۆ هاوپشتی : ئەم لێژنەیە نەک بێلایەن نیە بەڵکو وەزیفەی ئەم لێژنەیە شاردنەوەی ڕاستیەکان و پارستنی سەرانی دەسەڵات و سەرانی پارتی بەتایبەتی یە.
ئەگەر لەیاساو ڕێسای دەسەڵاتی ناسێونالیزمی کوردەوە باسی "ڕووی حقوقی " دروست کردنی لێژنەیەکی وا بکەین دەبێ ئەوەش بخەینە پێش خۆمان ئەوان بەیاسا رەخنەگرتنیان لە سومبوڵەکانی ناسێونالیزم و دین یاساغ کردوە، لە یاسای ڕۆژنامەگەری ئەمەیان بەیاسا پیشان داوە، پێشوەخت "سەرۆکیان"لە هەموو تاوانێک مەعسوم کردوە.
تەوەرەی هاوپشتی: ئامادەکردنی کامەران ئەحمەد
هاوپشتی : بە دوای تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان سەرۆکی هەرێم بڕیاریدا لیژنەیەک پێک بێت بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە یەک ڕوونکردنەوە هیچ تریان لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە ، ئەگەرچی ئەمەش دواتر لە لەلایەن بنەماڵەی سەردەشتەوە بەدرۆخرایەوە سەبارەت بە بوونی شوێنەواری ئەشکەنجەدان و شێوازی تیرۆرکردنەکەی.
- ئایا پێتان وایە کە ئەم لیژنەیە بێلایەنانە بتوانیت کارەکانی بکات یان داڕێژەری سیناریۆی داهاتوون بۆ شاردنەوەی تاوانباران بە تایبەت ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی هەولێر بۆ خۆیان لە لایەن خەڵک و ڕۆژنامەنووسانەوە جێگای گومانن و دەستی تۆمەتیان بۆ درێژ ئەکرێت ؟ ئایا لە سەرەتاوە لە باری حقوقییەوە پێکهاتنی لیژنەکە دروست بوو ؟
سمیر نوری: سەبارەت بەلێژنەکەی پارتی بۆ لێکۆڵینەوە لەتیرۆر کردنی ڕۆژنامە نووس سەردەشت عوسمان، وەک ڕۆژ ڕۆشنە ئەم لێژنەیە بێلایەن نیە وهەموو خەڵکی کوردستان ئەمە دەزانن و گاڵتەیان دێت بەم جۆرە سینارێویانە. ئەم لێژنەیە نەک بێلایەن نیە بەڵکو وەزیفەی ئەم لێژنەیە شاردنەوەی ڕاسیەکان و پارستنی سەرانی دەسەڵات و سەرانی پارتی بەتایبەتی یە. هەموو داتاکان پەنجەی تاوانباری بۆ بەرپرسانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی درێژ دەکەن، سەردەشت عوسمان بە قەڵمەکەی خۆی ئەم ڕاستیەی خستووەتە ڕوو. بۆیە ئەم لێژنەیە لەهەموو ڕویەکەوە دەیەوی ڕاستیەکان بەشیوەیەک بشێوێنی کە تاوانباری ڕاستەقینە دوور بخاتەوە لە پەنجەی تاوانبارکردن.
لەوڵاتێکدا کە دادگاو دەسەڵات و یاسا دانان لەدەسەڵاتی کەسێک وبنەماڵەیکدا بێت وئەوێش بە یاساو نەرێت وبەها عەشیرەتی و ناسێونالستیەکان هەموو شتێ کۆنترۆڵ بکات دەبێ لێژنەیەک لەسەر داوای ئەم کەسایەتیە چەندە بۆ ڕاستیەکان تێبکۆشێ؟ و چەندە جێگای بایەخ پێدان و حساب بۆ کراو دەبێت؟ لە کوردستان نەک دادگا لەڕاستیدا دەوڵەت بە شیوەیەکی نۆرماڵ بوونی نیە، دوو حزبی خاوەن میلیشیا ئەوە بۆ دوو دەیە دەچێت خۆیان داسەپاندوە بەسەر کۆمەڵگەدا بە زەبری سەرەنێزە و تۆقاندن و نان بڕینی خەڵک درێژە بە باڵادەستی خۆیان دەدەن، بۆیە نەک ئەو لێژنەیە بەڵکو دادگاو دەسەڵات و مێلیشیا، بوونیان لە ژێر پرسیاردایە.
ئەگەر لەیاساو ڕێسای دەسەڵاتی ناسێونالیزمی کوردەوە باسی "ڕووی حقوقی " دروست کردنی لێژنەیەکی وا بکەین دەبێ ئەوەش بخەینە پێش خۆمان ئەوان بەیاسا رەخنەگرتنیان لە سومبوڵەکانی ناسێونالیزم و دین یاساغ کردوە، لە یاسای ڕۆژنامەگەری ئەمەیان بەیاسا پیشان داوە، پێشوەخت "سەرۆکیان"لە هەموو تاوانێک مەعسوم کردوە.
بۆیە کردنەوەی ئەم باسە نامانگەیەنێت بە هێچ جێگایەک، لەچوارچێوەی دەسەڵاتی ئەواندا ناتوانیت هێچ شتێک بکەیت. خۆی کێشەکە بە دژی دەسەڵاتی ئەوان و لەبەرامبەر ئەواندا شکڵی گرتووە. کێشەکە خۆی لەسەر ئازادی و ئازادی بێقەید وشەرتی سیاسییە، کێشەکە مەسەلەیەکی سیاسی و کێشەی گشت کۆمەڵگەیە، ئەمە کێشەیەکی جینایی نیە تا بە وەڵامی چارەسەرکردنی کێشەیەکی جینایی چارەسەر بکرێت. بۆیە وا لەبەرژەوەندی کێشەکەو هەتا لەبەرژەوەندی شەخسیەتی سەردەشت عوسماندایە کەلە دەوری ئازادی دەربڕین و ئازادی سیاسی و ئازادی بەگشتی کێشەکان بەرجەستە بکرێتەوە، سەردەشت خۆی گیانی خستە پێناو دیفاع لە ئازادی وبووە سومبوڵی ئازادی لەکوردستاندا.
هاوپشتی : ئێوە لەو بارەیەوە چییە ، ئایا پێتان وایە کە لیژنەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنی جەماوەریی یان نێونەتەوەیی یان لیژنەیەکی هاوبەش هەردوولا ئەتوانێت سەرەداوی تیرۆرەکە و بنەماکانی دەستنیشان بکات ؟ ئەمە چۆن؟ ئایا داواکارییەکی لەم چەشنە ئیمکانی تەحقیق بوونی هەیە بە تایبەت ئەوەی کە دەسەلاتدارانی هەولێر ڕووداوەکە بە مەسەلەیەکی نێوخۆیی ئەزانن و ئامادە نین جگە لە خۆیان هیچ لایەنێکی تری نێوخۆیی چ جای نێو دەوڵەتی میکانیزمی گەڕان و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان دەستنیشان بکەن ؟
سمیر نوری: کێشە لەسەر ئازادی و ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسی یە، چاو لەقسەکانی مەسعود بەرزانی بکەن لەم بارەیەوە بزانن چەندە لە بوونی ئازادی نیگەرانە، بزانن مەلا بەختیار چەندە پەشیمانە سەردەمانێک لە ژێر کارێگەری کۆمۆنیزمی کرێکاریدا شیعاری " ئازدی بێقەیدو شەرتی سیاسی بەرزکردوەتەوە"، ئەمە بەیتی قەسیدەکەیە. ئەوە لەولاوە بووەستێ کە ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین کە ئازادی بێقەید شەرتی سیاسی لەسەر دەستی کۆمۆنیزمی کرێکاری هاتوەتە ناو کوردستانەوە بەهەموو توانایەکەوە ئەم شیعارە بەرزدەکەینەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە خەڵكێ کوردستان ئەوە بزانن ئازادی و ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسی و ئازادی دەربڕین وەک و ئاو نان زەرورن بۆ خەڵک.
فەزایەکی ئاواڵەیی سیاسی لەکوردستان و هەتا لەعێراقدا دروست بووە بەرهەمی ئەوە نیە لایەنگرانی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا باوەڕیان پێیەتی هەوڵیاندا وە بۆی بەڵکو لەدەرەوەی ئیرادەی ئەوان وبە پێچەوانەی ئیرادەی ئەوان دروست بووەو هەمیشە لەهەوڵی کۆنترۆڵ کردن کلک و گوێ کردنیدان بەڵام بۆیان نەکراوە و پێش ناچی بەئاسانی بۆیان بکرێت و پەیوەستە بە بیتوانایی بورژوازی عێراقەوە بە ناسێوناڵزمی کوردیشەوە لە دامەزراندنی دەوڵەت ویەک دەست نەبونیەوە.
داسەپاندنی ئازادی دەربڕین و ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسی و ئازادی قەڵەم تەوەرەی کێشەکەن تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان بەدەوری ئەم کیشەیەی کۆمەڵگەی کوردستاندا ئەنجامدرا و ڕەخنەی تیژی سەردەشت عوسمان لەناسیوناڵزمی کورد ئەوانی تووشی هستریا کردوە ئەوان بەچواردەوری خۆیاندا هەڕەشە دەبەخشێننەوە، تیوری کودەتا دادەتاشن، دەستەوەستانن لەبەردەم ئەم داواکاریانەی خەڵکدا.
لەئەمڕۆا پێک هێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حزبە دەسەڵاتدارەکان هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵکەوە یان پێکهێنانی لەکەسانێکی دەرەوەی بازنەی حزبە دەسەڵتدارکان لەکەسانی شارەزا و بەتوانا کارێکی باشە بەڵام ئەبێ ئەم لێژنەیە ئەوەی لەبەرچاو بێت ئەم کێشەیە کێشەکی جینای نیە و کێشەیەکی سیاسی، دەتوانی ئورگانێکی هیزکۆکردنەوە و رسواکردنی هەرچی زیاتری دەسەڵاتی ناسێنالزمی کورد بێت، دەنا نوقمی ناو گێژاوەکانی دەسلاتی دەسڵاتداران دەبێت.
ئەم لێژنەیە کاتێک دەتوانێت کار بکات کە بزووتنەوەی دیفاع لە ئازادی و ئازادی بێقەید شەرتی سیاسی چوووبێتە قۆناغێکی ترەوە. ئەمەش خۆی پەیوەستە بە بەهێز بوونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاریەوە کە بوژانەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینی لەدەوری ئەم کێشەیە، دەشتوانی بە دەست گرتن بە شیعاری ئازادی بێقەید شەرتی سیاسی و ئازادی بەیان و ئازادی ڕۆژنامەگەریەوە هێزەکانی خۆی بۆ پێشەوە تەکان بدات ئەم کێشەیەش بەرەوسەرکەوتن ببات و تاوانباران چی ئەوانەی جێبەجێان کردوەو چی ئەوانەی دەستوریان پێداوە لەبەردەم دادگای جەماری ناڕازیدا ڕابگرێت.